مان و نەمان لەگەڵ “مان“
توماز مان لە ساڵی ١٨٧٥ لە لۆبێکی ئاڵمانیا لە دایک بوو و لە ساڵی ١٩٥٥ لە زوریخ دونیای بە جێ هێشت. مان لە ساڵی ٢٠٢٠ جێگای لە دڵی من کردەوە. بەردەوام بارستایی بیری مان بۆ من جێگای سەرسووڕمان بووە: لە کتێبی پێرۆزەو بەرەو مۆسیقای دوازدە پەردەیی ڕۆژاوا، پزشکی تا میتۆلۆژی، ئاگامەندی لە هونەر و فاشیسم، تاریخ تا زانست و گرینگ تر لە هەموویان دەروونشیکاری. مان پێی وابوو سەربزێویی لە دونیای هونەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مردن و نەمان هەیە. لە کتێبی کێوی جادووین (١٩٢٦) کە براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات بوو شتێکی سەیر و سەمەرە ڕوو دەدا. هانس کاسترۆپ دەیهەوێ بچێ بۆ سەردانی کوڕەخاڵە سیل گرتوویەکەی کە لە شوێنێک دا ماوەتەوە و تیمار دەکرێ؛ ئەوەندە لە ژێر کارتێکەری ڕووداوەکانی ئەو شوێنە هەستەکانی دەبزووێ کە حەوت ساڵی ڕەبەق لەوێ دەمێنێتەوە. دوای شەڕی یەکەمی دونیاگرەوە، هانس ئەو کێوە جێ دێڵی بەڵام تەواو بۆتە کەسێکی جیاواز. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە چ شتێک هانس تا بنەماییەترین خانەکانی مێشک و هەست دەژاکێنێ و دەیکاتە مرۆڤێکی تر؟ چارەسەری دەروونی هێزێکی ئاوا شوێن دانەری هەیە؟
ڕێژەی کارتێکەری ئەدەبی تووماز مان وەکوو مارسێل پرووست و جیمز جۆیس دێتە ئەژمار. لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕەخنەگرێکی ئەدەبی خوێندمەوە کە نابێ مان وەکوو مان بخوێندرێتەوە بەڵکوو خوێندنەوەی مان دەبێ ‘مان و نەمان’ت تێک بدا؛ لەبن هەر توێژێک مانایەک پەنام بووە.
کاتی خوێندنەوەی کورتە چیرۆکی ژیانی پیاوی لاواز فریدمەن لەناکاو کەوتمە یادی ئەو دێڕە شێعرەی عەتری گڵۆڵانی مەزنە شاعیری کورد:
بە دەستە کوتە دەر و دیوار و قوژبن
هەتا ڕۆچنەی نەجات بست بست دەپێوم
بزانم تیشکی سەربەستی لە کوێ ڕا
دەدا شۆق و بزەی داوێتە لێوم
ڕۆچنەی نەجاتی فریدمەن زەلکاوی زەریا بوو کە نوقمی کرد. بۆ ئەوەی منیش نوقم نەبم کتێبەکەی مانم تا سلێمانی لەگەڵ خۆم هێناوە.


No comments:
Post a Comment