Wednesday, March 26, 2025

وەرگێڕانی ئەدەبیاتی کوردی بۆ فارسی؛ مێژووییەک لە چەواشەکاری

 وەرگێڕانی ئەدەبیاتی کوردی بۆ فارسی؛ مێژووییەک لە چەواشەکاری


وەرگێڕانی دەقێکی کوردی بۆ زمانە بیانییەکان ساڵانێکە بەرەو زیاد بوونە. فارسی وەکوو زمانێک جێگایەکی بەرچاوی لە وەرگێڕانە کوردییەکان هەیە بەڵام بە لەبەرچاو نەگرتنی دۆخی زمانی کوردی لە ئێران ئەو بوارە کارەساتی لێکەوتۆتەوە. لەو زنجیرە تویتە تەنیا سرنج دەخرێتە سەر تایتلی ئەو کتێبانەی بە فارسی وەرگێڕدراون .


زۆر یەک پێیان وایە زمانی فارسیش هەر وەک زمانە بیانییەکانی دیکە (ئینگلیسی و فەڕانسی) بۆ ئێمەی کورد وەکوو یەکە و سیاسەتی فارسیزاسیۆن و جیاوازی نەتەوەیاتی لەبەرچار ناگرن. کاتێ کتێبێ بە ئاڵمانی/ئینگلیسی/ فەڕانسی وەردەگێردرێ کوردەکان زۆر کەم دەیخوێننەوە بەڵام کاتێ بەرهەمێ دەکرێتە فارسی کوردەکان (بە هۆی سیاسەتی ئاپارتایدی زمانی) یەکەم خوێنەری ئەو بەرهەمە دەبن. بۆیە پێویستە وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانە زۆر بە پتەوی بکردردێ.


١- یەکەم بەرهەم چێشتی مجێوری هەژارە کە دەقەکەی بە سێ و دوو لە ڕیزی بڵیندایی ئەدەبیاتی کوردە. وەرگێڕ ئەو بەرهەمەی نێو ناوە “شلم‌شوربا” و ئەوەندە بە سووکی وەریگێڕاوەتە فارسی کە دوای خوێندنەوەی ئەتۆ دەبێ لەخۆت بپرسی ئایا ئەوەیە ئەو هەژارەی جێگای شانازی ئەدەبی کوردە؟ وەرگێڕ بە پێی حەزی خۆی لە هەر کوێ بۆی کراوە سانسۆری کردووە و تیغی ئیرشادیش لە هەر  کوێ بۆی کراوە بڕیوێتی.

٢- وەرگێری کتێبی حەسار و سەگەکانی باوکم (حصار‌ و سگ‌های پدرم) نەیزانیوە حصار‌ (پەرژین) لە فارسی و حەسار (حیاط) لە کوردی دوو شتی تەواو لێک جیان. قودرەتی نووسەر لە زمانی کوردی بۆ هێمایی کردنی شتەکان وا بە فارسی وەرگێڕدراوە کە تەنیا دەتوانی سەری بۆ بلقێنی! 

٣-وەرگێرێکی دیکە بەرهەمی شێرزاد حەسەن “خەونی جاڵجاڵۆکەکان”  بە “خانەی عنکبوت” تەرجوماندووە! گەلۆ گەر کەسێ مانای خەون و ماڵ لێک نەکاتەوە چۆن دەخۆی ڕادەبینێ بەرهەمێ وەربگێڕی غەیری ئەوەی کە ئەدەبیاتی کوردی پێ گاڵتەجاری بێ؟

٤- “آخرین انار دنیا” بەرهەمێکی ناسراوی بەختیار عەلییە. هەر کەسێ ئەو ڕۆمانەی خوێندبێتەوە و هەستی بە فانتازیای خەیاڵی ئەو بەرهەمە کردبێ دەزانێ ئەو تایتلە زۆر دوورە لە تێما و فانکسیۆنی بەرهەمەکە. ئەز گەر بوایەم نێوی ئەو ڕۆمانەم دەکردە “واپسین انار جهان”. مەودای دووری تێگەیشتنی نووسەر و وەرگێڕ سەرت لێ دەشوێنێ و وادیارە بەختیار هیچ فارسی نازانێ کە پەسنی ئەو بەرهەمەی بە فارسی کردووە.

۵- وەرگێڕە بەتواناکان خۆیان لەبەرەی شێعریش داوە و بەرهەمی شێرکۆ بێکەس “خێراکە مردن خەریکە بگات” بە فارسی بووەتە “زود باش مردن در راه است” ! وەرگێڕ وا دەزانێ چوون مردن لە هەردوو زمان دا تێنەپەڕە دەتوانێ وەکوو یەک بەکاریان بهێنێ و وەها شاکارێک بخوڵقێنێ.

۶- “ژانی گەل” بۆتە “آزار ملت”

ئەوانە تەنیا مشتێکن لەو سووکایەتییەی بە ئەدەبی کوردی کردراوە. کاتێ فارسێک بە خەرمانێک لە ئەدەبیاتی بەهێزی خۆی ڕوو دەکاتە ئەو بەرهەمانە لەخۆی دەپرسێ بەڕاستی ئەدەبی کوردە ئەوەیە کە ئاوا پێی هەڵدەگوترێ؟ فارس ئەدەبیاتی خۆی هەیە و بە وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانە بە زمانی فارسی بەهێز یا لاواز نابێ. لێرەدا تەنیا هۆگرانی ئەدەبی کوردی کوردی نەزان دەکەونە بەر مەترسی کە ئەدەبیاتی خۆیان کە بە فارسی دەخوێننەوە بەو شێوە و بە بێ هیچ کارێکی ئاکادێمی وەردەگێردرێ. فارسی وەکوو زمان توانایی ئەوەی نییە کە بتوانێ ئەدەبیاتی کوردی بە دونیا بناسێنێ. چ بمانهەوێ و چ نەمانهەوێ خەڵاتە نێونەتەوەییەکان باشترین ڕێگای پیشان دانی ئەدەبیاتی کوردن نموونەکەشی بێهرووز بوچانی.

No comments:

Post a Comment

دۆن کیشۆت

. . سەدەی هەڤدەهەم سەدەی زێرینی وڵاتی ئیسپانیایە. لە سەدەی هەڤدەهەم زێر وئاڵتوون کەشتی کەشتی دەگاتە ئیسپانیا و ئەو وڵاتە دەوڵەمەن دەکا...