Wednesday, March 26, 2025

عەزیز یۆسفی

 عەزیز یۆسفی


ماندێلای کورد. یۆسفی زۆرتر لە ٢٥ ساڵی تەمەنی لە زیندانەکانی ڕژیمی پاشایەتی لەبند دابوو و لەگەڵ قادر شەریف، حەسەن قزڵجی، غەنی بلووریان، ڕەحمان زەبیحی، سولەیمان موعینی، عەلی گەلاوێژ، سەدیق خاتەمی, سەدیق ئەنجیری و کەریم حیسامی لە سەفی پێشەوەی دادخوازانی کوردستان بوو کە لەبەر شاڵاوی شۆرشی گەلانی ئێران ناوی ون بوو. ئەو ڕشتۆیە لەبەر نەبوونی سەرچاوە لەسەر ژیانی عەزیز یۆسفی نووسراوە.










عەزیز یۆسفی نووسەر، وەرگێڕ و شۆرشگێر لە ساڵی ١٣٠٧ هەتاوی لە گەڕەکی ڕەزگەیانی شاری مەهاباد لە دایک بوو. یەکەمین گیرانی لە تەمەنی ١٢ ساڵی بە هۆی چالاکی دژی ڕژیم و سەرجەم ٢٥ ساڵی تەمەنی لە ژێر جەزرەبە و ئازاری ڕژیمی نگریسی پاشایەتیی تێپەر دەکات. کەشوهەوای زیندان کار دەکاتە سەر جەستەی و گورچیلە و دڵ و سییەکانی دەڕزێنێ و کاتێک ساواک لێی ناهۆمید دەبێ ئازادی دەکات تا لە ١٥ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ دڵی بەرزی لە کوتە بکەوێ.

کاک عەزیز بە هۆی ڕووناکبیری و بیرمەندی توانی لە یەکەمین دامەزرێنەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بێ و نەتەوە لە ئازارەکانی ئاگا بکاتەوە. بە باوەری زۆران کەسان گەر کاک عەزیز لە دووای شۆرشی گەلانی ئێران مابا دەیتوانی ئاقاری کوردستان لە توندئاژۆیی بپارێزێ و بەرەو ڕێچکەیەکی دیکەی بەرێ. 

لە ساڵی 1976 وتووێژێکی لەگەڵ ڕۆژنامەوانێکی بڵژیکی (تووسەن) لە زیندان کرد و لەو وتووێژەدا دەڵێت:”

-تووسەن: لە کاتی پێ ڕاگەیشتن لە دادگادا ئیعترافت کرد کە تاوان باری؟

یۆسفی : من ئیعتیرافم نه‌کرد که‌ ئه‌ندامی حیزبم به‌ڵام دوو به‌ندی قانوونیان بۆ من له‌ به‌ر چاو گرت که‌ یه‌کیان به‌ندی 317یه‌ که‌ دوو به‌شه‌ و تێیدا باسی هاندانی خه‌ڵک بۆ چه‌ک هه‌ڵگرتن ده‌کرێ و له‌ به‌شی دووهه‌میشی دا باسی نیازی کووشتنی شا هاتووه‌ . له‌ مه‌ڕ یه‌که‌مینیان که‌ بریتییه‌ له‌ هاندانی خه‌ڵک بۆ چه‌ک هه‌ڵ گرتن کاتێک ئێمه‌یان گرت 150 که‌س بووین به‌ڵام له‌ لای هیچکامێکمان چه‌کیان نه‌دۆزییه‌وه‌ و خه‌باته‌که‌ی ئێمه‌ خه‌باتی چه‌کدار و به‌ زۆر نه‌بووه‌ و خه‌باتی سیاسی بێ وه‌کار هێنانی زۆر بووه‌ و به‌م پێیه‌ به‌ نه‌بوونی چه‌ک و خه‌باتی به‌ تۆبزی نه‌کردن ئه‌و به‌شه‌ی به‌ندی 317 نه‌ ده‌بوو له‌ مه‌ر من ده‌کار بکرێ و به‌شی دووهه‌میشی که‌ بریتییه‌ [بە] نیازی کوشتنی شا ده‌بێ بڵێم ئێمه‌ له‌ مه‌هاباد بووین که‌ ناوه‌ندی تێکۆشان و نفووزی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانه‌ و له‌وێش ئێمه‌ مووشه‌کمان نه‌بوو که‌ بیکه‌ین به‌ ئامرازی کوشتنی شا که‌ وابوو هیچ کامێک له‌م دوو به‌شه‌ی ئه‌و به‌نده‌ له‌ مه‌ر من ناگونجێ .به‌ندێکی دیکه‌ که‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و من تاوانبار کرام به‌شی یه‌کی به‌ندی شه‌سته‌ که‌ باسی جونحه‌و و جینایه‌ته‌ که‌ بۆ پێک هێنانی حیزبێک به‌ ئامانجی ئیشتراکییه‌وه‌ ده‌کار ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر وای دانێین که‌ من دامه‌زرێنه‌ری حیزبێکی واش بووبم به‌ گوێره‌ی ئه‌و به‌نده‌ من ده‌بوو به‌ ده‌ ساڵ زیندام مه‌حکووم کرابام و چوونکه‌ تاوانه‌که‌ دووپاته‌ کراوه‌ته‌وه‌ با پێنج ساڵیشی لێ زیاد کرێ له‌ سه‌ر یه‌ک ده‌کا پازده‌ ساڵ ، به‌ڵام ئێستا من ئه‌وه‌ 19 ساڵه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ دام. به‌ندی 317 له‌ مه‌ڕ من نه‌ده‌گونجا و هه‌ر له‌ بنه‌ره‌ته‌وه‌ نه‌ده‌بوو مه‌حکووم به‌ مه‌رگ کرابام و له‌ مه‌ڕ به‌نده‌که‌ی دیکه‌ش هه‌روه‌ک کوتم من ئه‌گه‌ر دامه‌زرێنه‌ریش بووبام دیسان ده‌بوو به‌ 15‌ ساڵ زیندان مه‌حکووم کرا بام نه‌ک به‌ ئێعدام .“

هەروەها یۆسفی لە دووایین دێرەکانی ئەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێ :”ئازادی به‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ و داوای لێ بووردن به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام چونکوو من خۆم به‌ تاوانبار نازانم هیچ هۆیه‌ک له‌ ئارادا نابینم که‌ له‌ کرده‌وه‌ی خۆم په‌شیمان بم و داوای لێ بوردنیش هه‌ر ناکه‌م چونکوو تاوانبار نیم“  ئەو بەرخۆدانە قارەمانانە ڕقی ڕژیمی پاشایەتیی چەن بەرابەر دەکات و یۆسفی گیانی خۆی لەسەر ئەو خەباتە دادەنێت [1]. 

عەلی ئەشرەفی دەروێشیان (١٣٢٠-١٣٩٦) نووسەری بەناوودەنگی دەڤەری کرماشان هاوبەندی عەزیز یۆسفی لە زیندانی ئێڤین دەبێت. دەروێشیان باسی ئەوە دەکات کە کاک عەزیز لە باری هزرییەوە کاری زۆری کردۆتە سەر “کاک عەزیز تا درەنگایەکی شەو دادەنیشت و وەرگێڕانی کتێبی "وڵاتی کەف" نووسینی "یەفریمۆڤ" ی دەکرد. ئەو چەند کتێبی دیکەشی وەرگێردرابۆوە وەک "ڕۆزی ئاڵتوونی" نووسینی "پائستۆفسکی" کە جاروبار هەندێک بەشیی بۆ من دەخوێندەوە. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو و تۆکمەی سەبارەت بە(دەرئەنجامەکانی ئیسلاحاتی ئەرزی) و شیرکەتە هاوبەشەکان کە لە ڕێگای ئەوانەوە بتواندرێت زەوییە بچووک و دابەشکراوەکان بە شێوەی هەرەوەزی و کۆ ڕەعەمەل بێنن نووسی کە دواتر ساواک ئەو لێکۆڵینەوەیەی لێ دزی و ئەوجار ئەوان لە هەندیک ناوچەی قەزوێن بە ناوی (شرکت تعاونی کشت و زرع) بەڕێوەیان برد و بەناوی شا تەواویان کرد. عەزیز یۆسفی لەسەر ئەو لێکۆڵینەوەیە زۆری زەحمەت کێشا و زۆرترین سەرچاوەکانی لێکۆڵینەوەکەی خەڵکی دێ و دێهاتەکانی دەوروپشتی "برازجان" بوون کە سەردانی زیندانی ئەو شارەیان دەکرد.” [2]. ئەشرەف هەروەها چیرۆکی “خاڵە عەزیز”ی پێشکەش بە قارەمانی چاڵە ڕەشەکانی پاشایەتی کاک عەزیز کردووە و لەو چێرۆکەدا بە وردی باسی ئاکار و ڕەوشتی ئەو لە زیندان دەکا. خاڵی بەرچاوی کاک عەزیز لە زیندان خۆڕاگری لە ورە بەدەر و خۆشەویستی بۆ کتێب بووە بە جۆرێک کە زۆر جار لەگەل کاربەدەستانی زیندان دەیکاتە شەڕ و دەڵێ مەگەر من بکوژن تا نەیەڵن ئیتر لە زیندان کتێب بخوێنمەوە![3]


کاتێک لە مەهاباد ژاندرمە دەیانهەوێ کاک عەزیز بگرن و گەمارۆیان داوە بە کووچە و کۆڵانەکانی شاردا هەڵدێ و شوعاری ئازادی و سەرکەوتنی گەلی کورد دەدا گۆمەز نەیدەویست ئاخرین ساتەکانی ئازادی بەفیڕۆ بچێ. وتەیەکی بە نرخی عەزیز یۆسفی هەیە کە بەردەوام ڕێ نیشاندەری خەباتی چەوساوەکانە” ئێمە هەزاران کەس بووین، هەزارانمان لێ شەهید کران، لە زیندانەکاندا ڕزان. هەزاران کەس لە ئێمە پشتیان لە گۆڕەپانی خەبات کرد. هەزاران کەس لە ئێمە لە نیوەی ڕێگادا مانەوە. بەڵام ئێمە هەر هەزارانین.” ئەو وتە بەپێزە بۆتە هۆی زۆر شیعر و ئەدەبیاتی بەرگری لە دیوانی قەڵەم بەدەستاندا.

کاک عەزیز لە زیندان فێری ئینگلیسی دەبێ و چەن نووسراوە و وەرگێڕدراوە لە پاش خۆی بە جێ دێڵی کە یەکیان هەر لە زیندان دەفەوتێ و ئەوانیتر بە سانایی وەگیر ناخرێن. “سرزمین کف” لە ئیڤان یەڤریمۆڤ بە زمانی فارسی و نووسراوەیک سەبارەت بە “شەڕی دووهەمی جیهانی”.

کاک عەزیز مردنیشی ئاوێتەی شۆرش دەبێ و هەر لە تارانەوە بە هەشت ئوتۆمبیل بەرەو مەهاباد دەیهێننەوە. نوێنەری حەموو شارەکانی کوردستان بۆ پێشوازی تا میاندواو هاتبوون و لەشکر بە تانک و زرەپۆشەوە دەوری شاری مەهابادی گرتبوو. ڕۆژی ناشتنی (١٧ جۆزەردان) دوکان و بازار داخرا و هەموو خوێندکاران، مامۆستا، بازاری و ژن و پیاو بەشدار بوون. مامۆستا شێخ عێزەددین پێش نوێژی ئەو کاتی مەهاباد تەڵقینی عەزیز یۆسفی بە کوردی خوێند و ئاماژەی کرد:” کاک عەزیز شەهیدێکە لەسەرەوەی شەهیدان و ڕۆژی قیامەت لەگەڵ پێغەمبەران ڕادەوستێ چوونکە وەک پێغەمبەران بۆ میللەتی خۆی زەجر و ئەشکەنجەی کێشاوە.” مامۆستا بەو نیوە شێعرەی پێرەمێرد کۆتایی بە قسەکانی هێنا کە “نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا دەژین”.

لە ڕۆژی مردنیدا هەروەها “گەلێک شێعر و ئاواز و وتاری بە نرخ پێشکەش کرا. لەلایەن "کۆمەڵەی دانیشتوانی کورد لە تاران " کاک "جەلیل گادانی" و لە لایەن هاوڕێیانی ناوەوە کاک "عومەر قازی" وتاریان خوێندەوە، هەر لەم کۆبوونەوە دا شێعری پڕناوەڕۆکی شاعیری فارس "محمد خلیلی" ـ لەهاوڕێیانی ناوبەندی کاک "عەزیز" لە ژێر سەردێڕی "با مهاباد" بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک"عەزیز" پێشکەش کرا. هەروەها هونەرمەند کاک "عەزیز شاهروخ" بە کوتنی گۆرانی بەناوبانگی "سوبح پێ‌ناکەنێ"، بەدەنگی خۆش و پڕسۆز و زوڵاڵی هەستێکی جوانی بە جەماوەر بەخشی و لە ئاکام دا شاعیر و دەنگخۆشی لاو "ئەبوبەکر ڕەشیدزادە"[فرات] بە دەنگی پڕخرۆش و زەنوێری بەکوتنی شێعری "کچی بەیان" (... من ئەڵێم پەپوولەیەک فڕی بەباڵی زەرد و سوورەوە!) ، جۆش و خرۆشیان خستە ناو ئاپۆرەی خەڵکەوە و ئیتر حەرەکە و بزاڤی دژە دەسەڵات لە مەهاباد دەستی پێکرد و خەڵک بە یەکڕیزی و دەنگی بەرز و دروشمی شۆڕشگێڕانەوە بەرە ناو شار بوونەوە....”. ئەو خۆپیشاندانە دووای خۆپیشاندنی خەڵکی تەورێز لە ٢٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٦ شۆرشێکی جەماوەری بۆ لەرزاندنی ڕژیمی پاشایەتیی لە ئێران بوو. سێ ڕۆژ دووای ئەو خۆ پیشاندنە ٣٠ کەس لە بەشداربووان و وتارخوێنانی ئەو پرسەیە دگیرێن.


بەرز و بەڕێز بێ یادی شۆرشڤانانی ڕێگای ئازادی!

[1] ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ رۆژنامه‌ی کوردستان ژماره‌ 46 ره‌شه‌مه‌ی 1355- مارسی1977 وه‌رگیراوە، برایم قه‌ززاق، ئاڵمان.


[2] کتێبی (خاطرات صفرخان) سی و دو سال مقاومت در زندانهای شاه در گفتگو با علی اشرف درویشیان ل: ١٤٦ 

و ١٤٧

[3]قصه‌های بند، علی اشرف درویشان

No comments:

Post a Comment

دۆن کیشۆت

. . سەدەی هەڤدەهەم سەدەی زێرینی وڵاتی ئیسپانیایە. لە سەدەی هەڤدەهەم زێر وئاڵتوون کەشتی کەشتی دەگاتە ئیسپانیا و ئەو وڵاتە دەوڵەمەن دەکا...