Tuesday, February 25, 2025

‏مێلانی کلاین

 ‏مێلانی کلاین

‏کلاین هەر وەکوو ئانا فرۆید و ژان پیاژە بنیاتنەری دەروونشیکاری مناڵ بوو. کلاین لە دەروونشیکاری هێمای ژنێکی بە جەرگ و نەسرەوتووەو کە ئازارەکانی کردە پردێک بۆ گەیشتن بە خولیا بەرزەکانی. ئەو وەکوو فرۆید خەون و خولیا و ئامانجیی مناڵەکانی لێک دایەوەو پێی ‏وابوو نابێ باوەڕمان بەوە بێ کە مناڵەکان هەر وەکوو فریشتە پاقژن؛ ئەو پێی وابوو لە بیری مرۆڤدا دوو جۆرە دایک لێک جیا دەکرێنەوە: ‘دایکی چاک` کە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی مناڵە (هەستە جوانەکانی ئاراستە دەکرێ) و ‘دایکی خراپ` و نکووڵیکەر لە پێوستییەکان ‏کە ناشیرین ترین هەستەکانی مناڵی ئاڕاستە دەکرێ. بەرەوژورچوونی مناڵ بیرۆکەی “ئەم“ و “ئەو” دەگۆڕێ و بۆی دەردەکەوێ دایکی چاک و خراپ هەر یەک دایکن. بە سڵامەت دەربڕینی ئەو پاژە بیرۆکەی مناڵ تەیار دەکا کە تێز و ئانتی تێزەکان لە یەک تێزدا لێک هەڵاوێرێ و  بە باشی تێپەڕی نەکا لەبەر ئەوەی شیمانەی  هەیە تووشی نەخۆشی کەسایەتیی  borderline personality disorder ببێ. 



.

یونگ و کلاین پێیان وابوو کەوشەنی نێوان مرۆڤەکان زۆر لەوەی فرۆید باوەڕی پێبوو ئاڵۆزترە. واتە ئێمە زۆر زیاتر لەوەی باوەڕمان پێیە لە ژێر کارتێکەری مرۆڤەکان داین و بە تایبەت ئەو کاتانەی دڵخۆشین بەوەی ‏لە ژێر ویستی خۆمان کارێکمان کردووە لە هەموو کات زۆرتر سێبەری کەسانی تر لە ژیانماندا دیارە. دەروونشیکاری  نەخۆشینی کەسایتیی خۆبەزل زان و بۆردێرلاین زۆر خزمەتی کردووە بە چاکەکاری نەخۆشینی دەروونی لە ڕێگای ڕەهەندی چارەسەری لە ڕێگای گوازتنەوە (TFP).

مان و نەمان لەگەڵ “مان“

 مان و نەمان لەگەڵ “مان“

توماز مان لە ساڵی ١٨٧٥ لە لۆبێکی ئاڵمانیا لە دایک بوو و لە ساڵی ١٩٥٥ لە زوریخ دونیای بە جێ هێشت. مان لە ساڵی ٢٠٢٠ جێگای لە دڵی من کردەوە. بەردەوام بارستایی بیری مان بۆ من جێگای سەرسووڕمان بووە: لە کتێبی پێرۆزەو بەرەو مۆسیقای دوازدە پەردەیی ڕۆژاوا، پزشکی تا میتۆلۆژی، ئاگامەندی لە هونەر و فاشیسم، تاریخ تا زانست و گرینگ تر لە هەموویان دەروونشیکاری. مان پێی وابوو سەربزێویی لە دونیای هونەر پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ مردن و نەمان هەیە. لە کتێبی کێوی جادووین (١٩٢٦) کە براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیات بوو شتێکی سەیر و سەمەرە ڕوو دەدا. هانس کاسترۆپ دەیهەوێ بچێ بۆ سەردانی کوڕەخاڵە سیل گرتوویەکەی کە لە شوێنێک دا ماوەتەوە و تیمار دەکرێ؛ ئەوەندە لە ژێر کارتێکەری ڕووداوەکانی ئەو شوێنە هەستەکانی دەبزووێ کە حەوت ساڵی ڕەبەق لەوێ دەمێنێتەوە. دوای شەڕی یەکەمی دونیاگرەوە، هانس ئەو کێوە جێ دێڵی بەڵام تەواو بۆتە کەسێکی جیاواز. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە چ شتێک هانس تا بنەماییەترین خانەکانی مێشک و هەست دەژاکێنێ و دەیکاتە مرۆڤێکی تر؟ چارەسەری دەروونی هێزێکی ئاوا شوێن دانەری هەیە؟ 

ڕێژەی کارتێکەری ئەدەبی تووماز مان وەکوو مارسێل پرووست و جیمز جۆیس دێتە ئەژمار. لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕەخنەگرێکی ئەدەبی خوێندمەوە کە نابێ مان وەکوو مان بخوێندرێتەوە بەڵکوو خوێندنەوەی مان دەبێ ‘مان و نەمان’ت تێک بدا؛ لەبن هەر توێژێک مانایەک پەنام بووە.

کاتی خوێندنەوەی کورتە چیرۆکی ژیانی پیاوی لاواز فریدمەن لەناکاو کەوتمە یادی ئەو دێڕە شێعرەی عەتری گڵۆڵانی مەزنە شاعیری کورد: 

بە دەستە کوتە دەر و دیوار و قوژبن

هەتا ڕۆچنەی نەجات بست بست دەپێوم

بزانم تیشکی سەربەستی لە کوێ ڕا

دەدا شۆق و بزەی داوێتە لێوم




ڕۆچنەی نەجاتی فریدمەن زەلکاوی زەریا بوو کە نوقمی کرد. بۆ ئەوەی منیش نوقم نەبم کتێبەکەی مانم تا سلێمانی لەگەڵ خۆم هێناوە.

Sunday, February 23, 2025

ئەوەی دەنووسێ، بەتەنیا نانووسێ، ئەو نوێنەری ئێمەیە.

 ئەوەی دەنووسێ، بەتەنیا نانووسێ، ئەو نوێنەری ئێمەیە.




ئەوە ڕستەیەکە لە کتێبی هەر “ئەو ئەڤینە”ی یان ئاندرێ‌ئا. یان خوێندکارێکی ساکاری فەلسەفەیە کە دوراس دەناسێ؛ ئیتر حەموو کتێبە بێکەڵکەکانی کانت، هیگڵ، مارکۆزە و ئەوانی‌تر دەخاتە تەنەکەی زبڵەوە و شەیدای خانمە نووسەرەکە دەبێ. ڕۆژێک لە ڕۆژان خانمە نووسەرەکە لە شاری یان نمایشی فیلمێک دەکات و یان پێی دەزانێت و دەچێت بیبینێت. پێی خۆشە دەستە گوڵێکی ئەرخەوانی لەگەڵ خۆی بەرێت بەڵام شەرم دەکات. کتێبێک لەگەڵ خۆی دەبات تا دوراس بۆی واژۆ بکات. یان بە دوراس دەڵێت “دەمهەویست نووسینەکانم بنێرمە خزمەتتان“. ئیتر لە کار و کاسبی دەکەوێت و زانکۆ بەجێ دێڵێ و دەبێتە کرمی کتێبی کتێبەکانی خانمە نووسەر. یان حەموو ڕۆژێ نامەی سۆزیاریانە بۆ دوراس دەنووسێ و حەزە کپ کراوەکانی لە نامەکان دەخاتە ڕوو. خانمە نووسەر جوابی تەنانەت یەک نامەشی ناداتەوە. پێنج ساڵ یان بێ جواب وەرگرتنەوە نامە دەنێرێت. دوای ئەو زەمەنە دوراس کتێبێکی تازەی خۆی بۆ دەنێرێ و هەر ئەوە یان لە نووسین دەوەستێنێ. کتێبێ تازەی بۆ دێ و دیسانیش هەر جوابی خانمە نووسەر ناداتەوە. دوراس لە نامەیەکیدا بە یان دەڵێ ببورە کە جوابم درەنگی کرد. ئالوودەی ئەڵکۆڵ بووم و فکر کردنم وەستاوە. دەقی نەمایشنامەی کە بۆم ناردووی بیخوێنەوە. ئیلهامم لە نامەکانی خۆت وەرگرتووە. ئێستەش بۆم نەناسیاوی! 

ئەو نامەیە یان سەحرایی دەکا. دەچێ لە دەرگای خانمە نووسەر دەدا و ئیتر ١٦ ساڵی دووایی تەمەنی نووسەر بە یەکەوە دەژین. کتێبی “ئەو ئەڤینە” چیرۆکی ئەڤینی یان بۆ دوراسە. کتێبێک کە زۆر لەژێر سێبەری نووسینی دوراس دایە. ئەمساڵ زۆرتر لە دە ساڵە کە یان و دوراس تەنیا وێنەی هەڵاواسراوی (لەگەڵ سارتر و دوبۆڤار) ژوورەکەمە. 

Thursday, February 20, 2025

هومێد بە تیرێژ تا دەرکەوتنی گزینگ

 تۆ خەریکی چاو لە کتێبەکانی ئیتالۆ کالوینۆ نووسەری ئیتاڵی دەکەی. ئارام بەوە. هۆشت هەبێ. هەموو فکرەکانی دیکە لەسەرت دەرباوێ. با ئەو دونیایەی لە ئامێزی گرتووی لە پشت هەورەکان گومت کا. لەو دیو وەکوو هەمیشە تەلڤیزیۆنەکە هەڵ کراوە، وا باشترە دەرگاکە گاڵ بدەی. زوو پێیان بڵێ «نا، نامهەوێ چاو لە تەلڤیزیۆن بکەم» دەنگت هەڵێنە با گوێیان لێبێت«وا خەریکم پۆستێکی ئینستاگرامی دەخوێنمەوە. لەسەر ئیتالۆ کالوینۆ نووسراوە».













هومێد بە تیرێژ تا دەرکەوتنی گزینگ


لە دیمانەیەک دا دەڵێت کە «کاتێ ملم وەبەر نووسین نا جحێڵێک بووم کە تەنیا چەن کتێبم خوێندبۆوە»

١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە بنەماڵەیەکی ئیتاڵی پسپۆری گیاوگۆڵ لە کووبا لە دایک بوو. پسپۆرایەتی باوکی لەسەر گیا کاری کردە سەر دونیای ئەویش. دار و درەخت تا کۆتایی وازیان لێ نەهێنا بە جۆرێک کە یەکێ لە ناودارترین کتێبەکانی کە خۆی پێی وایە دۆن کیشۆتی سەردەمە ناوی «باڕۆنی سەر دارەکانە».


نووسیوێتی کە لەبەر ئەوەی لە سەردەمی دیکتاتۆرەکان گەورە بووە و لەبەرەی شەڕ وەکوو شەرڤان بەشداری کردووە، بەردەوام لە مەکۆی حەسانەوە گەڕاوە ئیتر ئەدەبیات و فەلسفە بۆتە مەڵبەندی.

لە جێگایەک وتوویە کە جوان هەست بە وتەی ستانداڵ دەکات کە کوتوویە لەسەر گۆڕەکەم با بنووسن خەڵکی نیۆیۆرکە. « خەڵکی پاریس و ڕۆم خۆیان بە مێژووی خۆیان هەڵدەواسن، نەبوونی وەها مێژوویەک بۆ نیۆیۆرک گەڕانەی شکۆیە» لەگەڵ ئەوەش چەن مانگ زیاتر لە نیۆیۆرک نەمایەوە. وا دیارە لە نووسینی «شارە نادیارەکان» لەو ئەزموونە کەڵکی وەرگرتووە. 


 ژیان لەگەڵ ژنێکی ئەمریکی و کچەکەی کە لە پاریس گەورە ببوو، کردبوونی بە بنەماڵەیەک کە بە سێ زمان ئاخاڤتن دەکەن. نووسیوێتی کە کاتێ هەر سێکمان پێکەوە لە ماڵەوەین بە سێ زمانی جیاواز قسە دەکەین بۆیە هەر شتێک شیمانەی هەڵە بوونی هەیە بەڵام نەک ئەو زمانەی لە دەروونماندایە کە بە ئەوین دەری دەبڕین. 

نووسینەکانی هەوڵێکی شیاو بۆ کرانەوەی دەلاقەیەک لە ئەدەبیاتەوە بەرەو زانستە. هەر بۆیە پێی وابوو «گالیلۆ گەورەترین نووسەری زمانی ئیتاڵیە» کە نەیاران بەسەریان دا داوە چۆن ماکیاڤێلی و دانتێ‌ت لەبیر کردووە. 

نووسینەکانی بە تایبەت وتارەکانی هەوڵێکی پتەون کە بە ئەدەبیات، زانست و بیرکاری بارگاوی کراون. لە ژیاننامەی خۆیدا لەبارەی هەموو شتێکی نووسی و لە دووایین دێرەکان دا وتی« هیچ شتێکی جێگای لێدوان نییە». 

٢٥ی گەلاوێژ

 ترۆما. هەندێ ڕۆژ هەن ترۆماتیکن وەکوو ٢٥ی گەلاوێژ. هەندێک سات هەن وەکوو بروسکە دە گیانت دەگەڕێن وەکوو ئەو ساتەی نێویان لێنای کۆمار لە ٢٥ی گەلاوێژ. هەندێک بڕگە هەن لەت لەت دەکرێن وەکوو ئەو ساتەی تۆ نەمای لە ٢٥ی گەلاوێژ. هەندێک کاژێر هەن دڵەکوتەت پێ زیاد دەکەن وەکوو ئەو ساتانەی تۆ گیان دەدەی لە ٢٥ی گەلاوێژ. هەندێک ٢٥ی گەلاوێژ هەن کە کاژێر و ساتیان درێژەی ٢٥ی گەلاوێژەکانی دیکەیە. هەندێک گەلاوێژ هەن ناویان کۆمارە. ئەو کوڕەی من ٢٥ی گەلاوێژ لە دایک بوو نێوم لێنا کۆمار.



دۆن کیشۆت

. . سەدەی هەڤدەهەم سەدەی زێرینی وڵاتی ئیسپانیایە. لە سەدەی هەڤدەهەم زێر وئاڵتوون کەشتی کەشتی دەگاتە ئیسپانیا و ئەو وڵاتە دەوڵەمەن دەکا...