تۆ خەریکی چاو لە کتێبەکانی ئیتالۆ کالوینۆ نووسەری ئیتاڵی دەکەی. ئارام بەوە. هۆشت هەبێ. هەموو فکرەکانی دیکە لەسەرت دەرباوێ. با ئەو دونیایەی لە ئامێزی گرتووی لە پشت هەورەکان گومت کا. لەو دیو وەکوو هەمیشە تەلڤیزیۆنەکە هەڵ کراوە، وا باشترە دەرگاکە گاڵ بدەی. زوو پێیان بڵێ «نا، نامهەوێ چاو لە تەلڤیزیۆن بکەم» دەنگت هەڵێنە با گوێیان لێبێت«وا خەریکم پۆستێکی ئینستاگرامی دەخوێنمەوە. لەسەر ئیتالۆ کالوینۆ نووسراوە».
هومێد بە تیرێژ تا دەرکەوتنی گزینگ
لە دیمانەیەک دا دەڵێت کە «کاتێ ملم وەبەر نووسین نا جحێڵێک بووم کە تەنیا چەن کتێبم خوێندبۆوە»
١٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە بنەماڵەیەکی ئیتاڵی پسپۆری گیاوگۆڵ لە کووبا لە دایک بوو. پسپۆرایەتی باوکی لەسەر گیا کاری کردە سەر دونیای ئەویش. دار و درەخت تا کۆتایی وازیان لێ نەهێنا بە جۆرێک کە یەکێ لە ناودارترین کتێبەکانی کە خۆی پێی وایە دۆن کیشۆتی سەردەمە ناوی «باڕۆنی سەر دارەکانە».
نووسیوێتی کە لەبەر ئەوەی لە سەردەمی دیکتاتۆرەکان گەورە بووە و لەبەرەی شەڕ وەکوو شەرڤان بەشداری کردووە، بەردەوام لە مەکۆی حەسانەوە گەڕاوە ئیتر ئەدەبیات و فەلسفە بۆتە مەڵبەندی.
لە جێگایەک وتوویە کە جوان هەست بە وتەی ستانداڵ دەکات کە کوتوویە لەسەر گۆڕەکەم با بنووسن خەڵکی نیۆیۆرکە. « خەڵکی پاریس و ڕۆم خۆیان بە مێژووی خۆیان هەڵدەواسن، نەبوونی وەها مێژوویەک بۆ نیۆیۆرک گەڕانەی شکۆیە» لەگەڵ ئەوەش چەن مانگ زیاتر لە نیۆیۆرک نەمایەوە. وا دیارە لە نووسینی «شارە نادیارەکان» لەو ئەزموونە کەڵکی وەرگرتووە.
ژیان لەگەڵ ژنێکی ئەمریکی و کچەکەی کە لە پاریس گەورە ببوو، کردبوونی بە بنەماڵەیەک کە بە سێ زمان ئاخاڤتن دەکەن. نووسیوێتی کە کاتێ هەر سێکمان پێکەوە لە ماڵەوەین بە سێ زمانی جیاواز قسە دەکەین بۆیە هەر شتێک شیمانەی هەڵە بوونی هەیە بەڵام نەک ئەو زمانەی لە دەروونماندایە کە بە ئەوین دەری دەبڕین.
نووسینەکانی هەوڵێکی شیاو بۆ کرانەوەی دەلاقەیەک لە ئەدەبیاتەوە بەرەو زانستە. هەر بۆیە پێی وابوو «گالیلۆ گەورەترین نووسەری زمانی ئیتاڵیە» کە نەیاران بەسەریان دا داوە چۆن ماکیاڤێلی و دانتێت لەبیر کردووە.
نووسینەکانی بە تایبەت وتارەکانی هەوڵێکی پتەون کە بە ئەدەبیات، زانست و بیرکاری بارگاوی کراون. لە ژیاننامەی خۆیدا لەبارەی هەموو شتێکی نووسی و لە دووایین دێرەکان دا وتی« هیچ شتێکی جێگای لێدوان نییە».











No comments:
Post a Comment