کارتێکەری فیلمەکان لەسەر تاک زۆر ئاشکران بە تایبەتی ئەو فیلمانەی خاڵێکی وەرچەرخان بوون. ژان لووک گۆدار یەکێ لەو کەسانە بووە کە هەم ژیانی و هەم فیلمەکانی جێگای تێڕامانن. گۆدار سێ پایەی لە کاتی فیلم هەڵگرتنەوە لابرد و سینەمای لەدەس دەوڵەمەندەکان دەرهێنا. بەردەوام لە هەموو فیلمەکانی گۆدار شوێن پێی کتێبێک دەبیندرێ بە تایبەتی کتێبەکانی ئاندرێ برێتۆن. دوای چاولێکردنی فیلمەکانی گۆدار دەنگۆیەک هەیە کە دەڵێ دەبێ زۆر پیاسە بکەی بۆ ئەوەی بتوانی فیلمەکە لە ڕایەڵوپۆی جیا بکەیتەوە. گەر زستان بێ دەبێ بەفری سەر سەربان بماڵی بۆ ئەوەی کاتێکت هەبێ بۆ بیر کردنەوە پێما دەبێ بەفری سەربانی دراوسێکانیش بماڵی. بە هەر شێوەیەک گۆدار وا زوو بەرت نادا لەبەر ئەوەی وزەبەخشە. گەر جگەرەخۆر بی و بەڵێنی ئەوەت داوە واز لە جگەرە بهێنی وا باشترە چاو لە فیلمەکانی گۆدار نەکەی چوون ئەستەمە بتوانی بەڵێنییەکەت بپارێزی.
.
دەمهەوێ بڵێم هەستەکان دووایی تەواو بوونی بەرهەمە ئەدەبیەکان لە ئێمەدا درێژەیان هەیە؛ هەستی من دووای خوێندنەوەی ڕۆمانی “جەمشیدخانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد” ڕقی زۆر لە هەڵفڕین بوو. گەر فڕین دابران لە زانست و مەعریفەتی سەر زەوی بێ و هێمایەک بێ بۆ بێ ئەنوایی مرۆڤی کورد ئەوە باڵی فرینی من با بۆ هەمیشە لەبن بێت. ڕۆمانەکە بەسەر پەیژەی خەیاڵ هەڵدەگەڕێ و ئێمە بەختەوەرین کە وەها بەرهەمێک لانکەکەی زمانی کوردیە. بەختیار ئەو کتێبەشی تژی کردووە لە هێما و ئیدۆلۆگ. ئەو باوەڕی بە پێکەوە ژیانی کورد و عەرەب و فارس هەیە و ڕقی زۆری لە ناسیۆنالیسمی توندئاژۆیانەیە. کتێبەکە زۆرجار دیالۆگی گلەوگازەندەی بەختیارە لە پارێزەرانی باشووری کوردستان. جەمشیدخان، خانی مەڵبەندێک کە بە ڕایەڵێک [پشتێندێک] دەچێتە ئاسمان و لەوێ ژوئیسانسی کورد چاو لێدەکات. بەرهەمێکی ناوازەیە.
.

No comments:
Post a Comment