ئێرنێست هەمینگوەی دەڵێ بە باشی کاتی چوونە قوتابخانەم لەبیرە ئەو کاتەی پیتەکانم لەسەر کاغەز بۆ لێک جیا نەدەبۆوە. ئەوەندە پیتەکان سەیرو سەمەرە بوون و من لەگەڵیان نامۆ بووم کە شەوانە لەترسان میزم بە خۆم دادەکرد. ساڵانی سەرەتایی قوتابخانەی من ئاوا ترسهێنەر نەبوو بەڵام بە باشی چوارەمی سەرەتاییم لەبیرە. مامۆستاکەمان جلی کوردی لەبەر دابوو و بەردەوام شێعری کوردی بۆ دەخوێندینەوە. ئەوە یەکەم جار بوو کە لە قوتابخانە کەسێک بە زمانی دایکیم قسە بکا و وەکوو دایکم قسەکانی لە گوێم وەکوو سروەی بەیانی دڵڕفێن بێ. ساڵانی دووایی خوێندنم بەردەوام خولیای هەستێکم هەبوو کە چێشتەم کردبوو: خوێندن بە زمانێک کە تێیدا دەتوانم خۆم بم ئاخۆ من کوردم و کوردی ئاخێڤم. بەڵام مەخابن حەموو ساڵانی خوێندنی من بە زمانێک بوو کە خۆم هەڵمنەبژاردبوو.
.
لەسەر زمان و گوورانی کەسایەتی زۆر شت نووسراوە کە نامهەوێ بپەرژێمەوە سەری. یەکێ لەو جێگایانە کە لە هەستی متمانەبەخۆیی دەتوانێ شوێن دانەر بێ نۆرینگەی چارەسەری دەروونیە. نەمدەویست لە تایبەت ترین جێگە کە بڕیار وایە هەستەکانم سەبارەت بە کەسانیتر شی بکرێتەوە خۆم نەبم، نەمدەویست بە زمانێک بدوێم کە لە سازدانی هەستەکانم ڕۆلی سەرەکی نەبووە هەر بۆیە چارەسەرێکم هەڵبژارد کە بە کوردی دەیدواندم. دەروونناسێکی کلینیکاڵ کە بە زمانی دایکیم ژیانێک کە نەژیابووم شیی دەکاتەوە. هایدگەر کوتەنی زمانی من، جیهانی منە.
.
ئەمن ئەمیری عەبدوڵاپوور ماستەری دەروونناسی کلینیکاڵم. بۆخۆم چارەسەری دەروونیم لەسەر ڕێچکەی شیکاری وەرگرتووە و هەر لەو ڕێچکەیەش فێری شیکاری دەروونی بووم. ئۆتۆ کێرنبێرگ ( ١٩٢٨) بنیاتنەری ڕێچکەیەکە کە بە (TFP-E) ناسراوە. من ئەو ڕێچکەیە لەسەر دەستی مامۆستاکانی دەروونناسیم و بە تایبەتی دوکتور فەرزین ڕەزاعی (سنە-تاران) فێر بووم. لەگەڵ هاوکارەکانم “تاو”مان دامەزراندووە تا لەو ڕێگایە بمانبیننەوە.

No comments:
Post a Comment