.
.
سەدەی هەڤدەهەم سەدەی زێرینی وڵاتی
ئیسپانیایە. لە سەدەی هەڤدەهەم زێر وئاڵتوون کەشتی کەشتی دەگاتە ئیسپانیا و ئەو
وڵاتە دەوڵەمەن دەکات. گەشانەوەی ئابووری گەشانەوەی بیروئاوەز و پەرە پێدان بە فکر
و بیری فەلسەفی لێ دەکەوێتەوە. لەو
زەماندا گالیلۆ بیرۆکەی خۆی پێشنیار کردبوو و کۆپێرنیکۆسیش دونیای هەژاندبوو. لەو
سەردەمەدا ڕۆشەن بیران هەر وەک سۆڤیستەکانی سەردەمی یۆنانی کۆن باوەڕیان وابوو کە
دونیا بەردەوام لە گۆڕان دایە و هیچ شتێک ڕاوەستەی بۆ نییە. واتە دووجار ناتوانی
پێ بخەیتە نێو چۆمیک.
هەر
وەک باسمان لێ کرد سەدەی هەڤدە سەدەی زێرینی پێگەشتنی ئەدەبیات و هونەر لە
ئیسپانیاشە. تیاتری کاڵدریۆن، سەدەی وێنەکێشی ولاسکێز، ئێل گرێکۆ و سورباران،
لێپرسینەوەی بیروڕای ئەخلاقی کەلیسا، دۆگم پەرەستی کەلیسا لەسەر بیروباوەڕ و دژە
ئیسلامێتی. ئیسپانیا لە حەموو وڵاتەکان زۆرتر خۆی لەهمبەر گۆڕینی بیروباوەڕ پاراست
و دەیهەویست هەر وەک سەدەکانی پێشوو ژیان بباتە سەر. تاک زمانییان دەویست و
حەموویان بەرەو یەک ئایین و بیروباوەڕ هەنگاویان داویشت. بەڵام ئیسپانیا بەشێک لە
ئەوروپا بوو و نەیدەتوانی خۆی بێ لایەن ڕابگرێت. زۆر کەس لە ئیسپانیای ئەوە زەمەنە
هەستیان بەو گۆرانە کرد. یەکێ لەوان میگێل سێروانتس دێ سائودرا بوو. پاڵەوانێک کە
لەشەڕی لێپانتۆ دەستی چەپی پەڕابوو و سێ ساڵی بە دیلی لە ئەلجەزایر تێپەڕ کردبوو.
هەرووڵد بڵووم کە بە بڕوای من گەوەرەترین ڕەخنەگری ئەدەبیاتی مۆدێڕنە چوون فرۆید و
لاکان باش دەناسێ دەڵێ ئەو تووڕە بوونەی تەواوی ڕووحی دۆن کیشۆت و سانکۆپانزای لە هەموو
کتێبەکە تەنیوە ڕەنگاڵەی هەبوونی سێروانتسە لە کتێبەکە. لەسەر سێروانتیس زۆر بە
کەمی شت نووسراوە تەنیا دەزانین کە قوتابی مەکتەبی ئێراسمومس نۆتێردامی بووە کە
لەسەروە باسمان لە زۆر بیڕوراکانی کرد کە دونیا دایمە لەگۆڕە و لە کتێبەکەشی دا
زۆر زۆر دەنگی داوەتەوە.
.
سێروانتس لە 1616 دەمرێ و ساڵی مردنی
شیکسپێرە. زۆرینەی زانایان لەسەر ئەو باوەڕە کۆکن کە دۆن کیشۆت یەکەمین ڕۆمانی
مۆدێرن لە ڕۆژئاوایە. میشێل فۆکۆ پێی وایە ئەو کاتەی دۆن کیشۆت وەکوو نەجیب
زادەیەکی وڵاتی مانش نێزە شکاوێک و کۆنە مەتاڵەکەی دەس دەداتێ و لەگەڵ ڕۆسی نانت و
سانکۆپانزا بەرەوە دونیای دەرەوە دەچێ ئەوە دەسپێکی دونیای مۆدێرنە.
تۆرگینیێڤ دەڵی: دۆن کیشۆت نیشانەی ئیمانە؛
ئیمان بە خۆ و شتێک لە دەرەوەی خۆ ئیمان بە حەقیقەت و خۆ دۆڕاندن لە سەر ئامانج و
ویستی دڵ.
زۆر یەک لە ئێمە دۆن کیشۆتمان وەکوو کتێبێکی
پێکەنینی خوێندۆتەوە بەڵام داستایێفسکی دۆن کیشۆتی پێ خەم بارترین و پڕ لە خەفەت
ترین کتێبی دونیایە. هەبوونی ئەو هەمۆ بیروباوەڕە جیاوازە وای لە منیش کرد کە بەشی
دووی پادکەستی ڕادیۆ کتێب تەرخانی شاکاری سێروانتس واتە دۆن کیشۆت بکەین.
باسی ڕۆمانی دۆن
کیشۆت
دۆن کیشۆت بە کورتی باسی ژیانی کەسێک دەکا کە
ژیانی خۆی تەرخانی کتێبی پاڵەوانەکان کردووە و ئێستا ئەو دونیای لێ وەڕاست گەڕاوە.
هەر بۆیە کێو و دار و چیمەن و ئاشە باییەکان بە دێوەزمە و خوول دەبێنێ و لەگەڵیان
بەشەڕ دێت. ئەو لەگەل مەیتەرەکەی سانکۆ پانزا و بە سواری بارگینەکەی ڕۆسی نانت بە
وڵاتان دا دەگەڕێ و لەیبەنە کێش و هەرامەی سەیریان بۆ ساز دەبێ کە لە کتێبێکی دوو
بەرگی دا پێشکەش دەکرێ.
هەوەڵ جار دۆن کیشۆتم بە وەرگێڕانی موحەمەدی
قازی و بە فارسی خوێندەوە. قازی لە فەرانسەوە دۆن کیشۆتی وەرگێڕابوو بەو کارەی
زیندوو کەرەوەی زمانێکە کە پێشتر لە ئەمیرئەرسەلان و کتێبە کۆنە فارسییەکان دا
بووە. نەسرێکی زۆر تۆکمە و لەباری هەیە و دۆن کیشۆتەکەی قازی دەنێو فارسی زمانان و
لێزانەکان پێگەیەکی تایبەتی هەیە. دۆن کیشۆتی کوردی وەرگێڕانی کاک ئەحمەدی قازییە
کە لە دوو بەرگ دا لە چاپ دراوە. بە خوێندنەوەی دۆن کیشۆتی کوردی وا هەست دەکەین
کە دۆن کیشۆت نەک خەڵکی شارەدیی مانشی وڵاتی ئیسپانیا بەڵکوو کۆنە ئاغایەکی
سەردەمی نەکۆنی ناوچەی کوردایەتییە کە خەڵکی دێ بەجێیان هیشتووە و لە نێو خەیاڵاتی
خۆی دا لەگەڵ خەدەم و حەشەمەکەی دەچێتە ڕاوە تاژی. {ئاماژە بە دەقی سەرەتای
کتێەکە.}
لە دوواییدا دۆن کیشۆت کاتێ ئەقڵ و ئاوەزی
دەگەڕێتەوە دەمرێ. بەڵام بێ شک ئەو پاڵەوانی لامنش و یا پاڵەوانی سەرگەردان نییە
کە مردووە چوونکە 400 ساڵە پاڵەوانی ئێمە لە گوندەکەی خۆی دێتە دەرێ و بە نێزە
شکاوەکەی لەگەڵ تاریکی و نەزانین بەشەڕ دێ و بە ئەڤینی خۆی دڵی گڕیداوە. دۆن
کیشۆتەی سێرڤانتیس پێکەنینی ئێمەی بۆ گرینگ نییە.














