Monday, December 14, 2020

هێمن




پاراگرافی دووهەمی دەقی ( مەهاباد): " ناتوانم لە ژوورێ دانێشم،پێم خۆش نییە کەس بە دەورمەوە بێ، حەز بە تەنیایی دەکەم، بێ­دەنگیم پێ خۆشە، پێم خۆشە ماوەیەک دەگەڵ خۆم، دەگەڵ هەستی خۆم ڕایبوێرم. هەور بێ یا ساماڵ، گەرم بێ یا سارد، خۆش بێ یا ناخۆش وەدەر دەکەوم، کەمێک بە پێیان دەگەڕێم و بیر دەکەمەوە. خۆ ئەگەر بتوانم لە ئاوەدانی وەدەر بکەوم، کە لە گوێی کەنداڵێک، لەدەم ڕووبارێک، لەسەر بەردێک، لە بن دارێک دانیشم و لە ئاسۆ ڕامێنم، زۆر زوو سووک دەبم و دڵم دەکرێتەوە و جاری وایە هەست بە شادیش دەکەم."

کەریم­زادە دەقی " لە کوێوە بۆ کوێ" بە " فۆڕمێکی ئێفشاگەرانە بەڵام ناوئاخنێکی موحافێزەکارانە" ناوزەد دەکا. جییا لە " نەسری کریستاڵیی هێمن" ئەوە دووهەمین کتێبی جیددیە لەسەر هێمن. کتێبێک کە هەوڵ دەدا دەق/شێعری ڕوو لە ناهۆمیدی هێمن بەرەو ئاسۆیەکی نادیار و بگرە خەمبارتر ڕابکێشێ. گۆیا ئەو جادوو و تەلیسمەی سیاوەش لێێ دەترسێ بەرۆکی ئەوێش دەگرێ و وەک دۆڵپایەک بەسەر نووسراوەکەی­دا لاق ڕادەکێشێ چوون ئەویش یەک هەنگاوی بەرەو ناسینی هێمن بۆ پێشەوە نەناوە. ئەگەر چی ئەو کتێبە تەنیا لە سەتحی جوانی ناسیی و وشەگەل و شێعری هێمن­دا کەڵکەڵە ناکات و بەرە جێگا هەستیارەکان پەل دەهاوێژێ ( بۆ نموونە هێمن وەک پێشەکی نووس) بەڵام وەک جەغزێک هەر دەگەڕێتەوە ئەو ڕێچکەیە و هێمن بە نادیاری و ناوەختی موتەهەم دەکات ( ل 11). پێویستە هەوڵ گەلی لەو چەشنە بە دروونشیکاری نۆژەن کرێنەوە. تا چۆنییەتی کەسیاتی هێمن و شێوازی هەڵسوکەوتی و کارتێکەری ئەوان لەسەر هەست و نەستی هێمن ڕاڤە نەکرێت ئەو ئاوە هەر وا لێڵاوی دەبێت.

-هێمن ." هەواری خاڵی" چاپی یەکەم. دەزگای بڵاوکەرەوەی ئاراس.  ل 158

- هیدایەتی،سەید قادر. " نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم". چاپی یەکەم. دەزگای بڵاوکەرەوەی خانی

-کەریم­زادە،سیاوەش. "ڕوو لە ئاسۆیەکی نادیار". چاپی یەکەم. دەزگای بڵاوکەرەوەی خانی

 

*وێنەی وتاری "ڕاوە تاژی" ‌هێمن و دەسنیشانکردنی وشە سەختەکان

 


 


No comments:

Post a Comment

دۆن کیشۆت

. . سەدەی هەڤدەهەم سەدەی زێرینی وڵاتی ئیسپانیایە. لە سەدەی هەڤدەهەم زێر وئاڵتوون کەشتی کەشتی دەگاتە ئیسپانیا و ئەو وڵاتە دەوڵەمەن دەکا...