Tuesday, December 15, 2020

شاهرۆخ


 

وا ئەوشۆ زۆر دڵم بۆ شاهرۆخ پەرۆش بووە. وەبیر قەڵەمی سیحراوی و بە ئەمەگیی بۆ ئیران دێمەوە. بە بیر پرسیارە جوانەکانی " غزاله"، تۆرینەکانی " گیتا"  و دەرد و حەساسیەتی لە ڕادەبەدەری و خۆشەویستی بۆ فێردەوسی "کە چنین کنند بزرگان کار".

"روزها در راه" وەکوو کتێبێکی سەرچاوەی ئیحساسی مرۆڤ وایە دەبێ بەردەوام بگەڕێیەوە سەری.

Monday, December 14, 2020

هێمن




پاراگرافی دووهەمی دەقی ( مەهاباد): " ناتوانم لە ژوورێ دانێشم،پێم خۆش نییە کەس بە دەورمەوە بێ، حەز بە تەنیایی دەکەم، بێ­دەنگیم پێ خۆشە، پێم خۆشە ماوەیەک دەگەڵ خۆم، دەگەڵ هەستی خۆم ڕایبوێرم. هەور بێ یا ساماڵ، گەرم بێ یا سارد، خۆش بێ یا ناخۆش وەدەر دەکەوم، کەمێک بە پێیان دەگەڕێم و بیر دەکەمەوە. خۆ ئەگەر بتوانم لە ئاوەدانی وەدەر بکەوم، کە لە گوێی کەنداڵێک، لەدەم ڕووبارێک، لەسەر بەردێک، لە بن دارێک دانیشم و لە ئاسۆ ڕامێنم، زۆر زوو سووک دەبم و دڵم دەکرێتەوە و جاری وایە هەست بە شادیش دەکەم."

کەریم­زادە دەقی " لە کوێوە بۆ کوێ" بە " فۆڕمێکی ئێفشاگەرانە بەڵام ناوئاخنێکی موحافێزەکارانە" ناوزەد دەکا. جییا لە " نەسری کریستاڵیی هێمن" ئەوە دووهەمین کتێبی جیددیە لەسەر هێمن. کتێبێک کە هەوڵ دەدا دەق/شێعری ڕوو لە ناهۆمیدی هێمن بەرەو ئاسۆیەکی نادیار و بگرە خەمبارتر ڕابکێشێ. گۆیا ئەو جادوو و تەلیسمەی سیاوەش لێێ دەترسێ بەرۆکی ئەوێش دەگرێ و وەک دۆڵپایەک بەسەر نووسراوەکەی­دا لاق ڕادەکێشێ چوون ئەویش یەک هەنگاوی بەرەو ناسینی هێمن بۆ پێشەوە نەناوە. ئەگەر چی ئەو کتێبە تەنیا لە سەتحی جوانی ناسیی و وشەگەل و شێعری هێمن­دا کەڵکەڵە ناکات و بەرە جێگا هەستیارەکان پەل دەهاوێژێ ( بۆ نموونە هێمن وەک پێشەکی نووس) بەڵام وەک جەغزێک هەر دەگەڕێتەوە ئەو ڕێچکەیە و هێمن بە نادیاری و ناوەختی موتەهەم دەکات ( ل 11). پێویستە هەوڵ گەلی لەو چەشنە بە دروونشیکاری نۆژەن کرێنەوە. تا چۆنییەتی کەسیاتی هێمن و شێوازی هەڵسوکەوتی و کارتێکەری ئەوان لەسەر هەست و نەستی هێمن ڕاڤە نەکرێت ئەو ئاوە هەر وا لێڵاوی دەبێت.

-هێمن ." هەواری خاڵی" چاپی یەکەم. دەزگای بڵاوکەرەوەی ئاراس.  ل 158

- هیدایەتی،سەید قادر. " نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم". چاپی یەکەم. دەزگای بڵاوکەرەوەی خانی

-کەریم­زادە،سیاوەش. "ڕوو لە ئاسۆیەکی نادیار". چاپی یەکەم. دەزگای بڵاوکەرەوەی خانی

 

*وێنەی وتاری "ڕاوە تاژی" ‌هێمن و دەسنیشانکردنی وشە سەختەکان

 


 


Saturday, December 5, 2020

بۆرخێس

 

بەیانییەک هەڵدەستی کە فرووغ وتەنی لە هیچ بەیانیەکی تر ناچێت. هەس دەکەی کاتی شوشتنی دەست و چاوانە و بە هەڵە داوان ڕێگای دەسشوویی دەبینییەوە. دەموچاوت کە دەشۆی تەواوی دەمچاوت پاک دەبێتەوە. دەبێ بە قەڵەم خەتی بۆ بکێشەوە. ئا لەو ڕۆژەدا ئەمن پێم خۆشە ڕێک دەموچاوی بۆرخێس بۆخۆم بکێشمەوە. چاوی قێچ و جوانی، کەپۆی شاهێن مانەندی و باڵای وەکوو لاولاوی. بۆرخێسی مەزن دەڵێت" هیچ ڕووداوێک کە لە کتێبەکاندا باسی نەکرابێ،بوونی نییە" و من پێم خۆشە بۆ دەموچاوی ون بووم بگەڕێم پێش ئافراندنی جیهان و بۆرخێس. ئەو کاتەی دەبمە سەرۆکی بەشی کتێبخانەکان، کوێر بەڵام بیناتر لە هەر بینایەک بم وەکیی ئەو.


دۆن کیشۆت

. . سەدەی هەڤدەهەم سەدەی زێرینی وڵاتی ئیسپانیایە. لە سەدەی هەڤدەهەم زێر وئاڵتوون کەشتی کەشتی دەگاتە ئیسپانیا و ئەو وڵاتە دەوڵەمەن دەکا...